كێ لە درۆكردنی منداڵ بەرپرسیارە؟

image

دوای تەواوبوونی قوتابخانە، بۆلای باوكم دەچم، دوكانی جوانكاری ئافرەتانمان هەیە. بەردەوام باوكم، درۆ بۆ كڕیارەكانی دەكات. تا شتەكانی لێ بكڕن. زۆرجاریش كاتێ پیاوێك بۆ قەرز دەهاتە ماڵمان، بابم دەیگووت، بڕۆ بڵێ‌ بابم لەماڵ نییە". ئەمە قسەی منداڵێكی تەمەن 11 ساڵان بوو كە بەوشێوەیە باس لە هۆكاری فێربوونی درۆكردن، دەكات.

درۆكردن چییە؟

پسپۆڕی بواری دەروونی منداڵان، ئامانج سابیر، پێیوایە دیاریكردنی پێناسەیەكی تایبەت بەدرۆكردن، ئەستەمە. ئەوەش بەهۆی ئاڵۆزی ئەو چەمكەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی درۆكردن لای منداڵ، بریتییە لەشاردنەوەی راستییەك یاخود فریودانی بەرامبەر، ئینجا باوك، دایك، یان مامۆستا بێت، بەمەبەستی رزگاربوون لەسزا. یاخود بۆ گەیشتن بەمەرامێكی تایبەت كە دەورووبەری بۆی جێیبەجێ ناكەن. بەڕای ئەو پسپۆڕە، درۆكردن لای منداڵ، پەیوەستە بەئاستی هۆشیاری دەرووبەرو تێگەیشتن لێی. هەروەها ئەو پڕۆسە بەكۆمەڵایەتیبوونەی كە منداڵی پێ ئاراستە دەكرێت، فاكتەری سەرەكین لەدروستی یاخود ناتەندروستبوونی رەفتاری منداڵ.

هۆكارەكانی درۆكردن لای منداڵ

ئەنجامدانی هەر كارێك لەژیاندا، پەیوەستە بەژینگەی دەوروبەرەوە. ئەو كارە باش بێت یاخود نەخوازراو، درۆكردنی منداڵیش بەرئەنجامی ئەو ژینگە كۆمەڵایەتییەیە كە تێیدا دەژی. توێژەری كۆمەڵایەتی شەیدا ئەكرەم، یەكێك لە هۆكارەكانی درۆكردنی منداڵ، بۆ ژینگەی كۆمەڵایەتی دەگەڕێنێتەوە، بەو پێیەی درۆكردن، خەسڵەتێك نییە كە مرۆڤ، لەزكماكەوە بۆی مابێتەوە، بەڵكو دەورووبەری منداڵ، بڕیاردەدات كە منداڵ بەڕاستگۆیی ئاراستە بكات، یان بیكاتە درۆزن. هەرچەندە بەكارهێنانی ئەو چەمكە بۆ منداڵ، كاریگەری خراپی بۆ لایەنی سایكۆلۆژی دەبێت. بەبڕوای ئەو توێژەرە، دەكرێت هۆكارەكانی فێربوونی درۆكردن لای منداڵ، لە چەند خاڵێكدا چڕبكەینەوە.

یەكەمیان، هۆكاری خێزانی و كاریگەری دایك و باوك: ئەو دایك وباوكانەی كە لای منداڵەكانیان درۆدەكەن. بۆنموونە، بەڵێَنێك بەمنداڵەكان دەدەن و دواتر جێبەجێی ناكەن. یاخود كاتێك ژن، شت لەهاوسەرەكەی دەشارێتەوەو بەبەرچاوی منداڵەكانییانەوە قسەیەكی درۆ بەپیاوەكەی دەڵێت و بەپێچەوانەشەوە. یان كاتێك منداڵ كارێكی هەڵە دەكات، لەترسی سزای باوكی دەیشارێتەوە، ئەوەش بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی و نەبوونی هاورێیەتی دایك و باوك لەگەڵ منداڵەكان، دەگەڕێتەوە. بەمجۆرە ئەو رەفتارانە لەگەڵ منداڵ، گەورە دەبن و لەئەنجامدا كەسێكی درۆزنی لێ دەردەچێت.

دووەم، هاورێی خراپ و ژینگەی قوتابخانە: زۆرجار بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژی لەلایەن مامۆستاوە، منداڵ ناچار بەدرۆكردن، دەكرێت.

سێیەم، دەزگاكانی راگەیاندن: كاتێك منداڵ سەیری فیلمێك دەكات كە بۆ تەمەنی ئەو گونجاو نییە. یاخود فیلمێك دەبێنێت كە نواندنی درۆی تێدایە، بەو پَێیەی منداڵ، حەز بە لاساییكردنەوە دەكات، هەوڵدەدات لاسایی بكاتەوە.

لەباوكمەوە فێربووم

تەمەنی 11ساڵە. قوتابی پێنجەمی قۆناغی بنەڕەتییە. كارزان، نایشارێتەوە كە زۆرجار درۆدەكات:"دوای تەواوبوونی قوتابخانە، بۆلای باوكم دەچم، دوكانی جوانكاری ئافرەتانمان هەیە. بەردەوام باوكم، درۆ بۆ كڕیارەكانی دەكات، تا شتەكانی لێبكڕن. زۆرجاریش كاتێ پیاوێك بۆ قەرز دەهاتە ماڵمان، بابم دەیگووت، بڕۆ بڵێ‌ لەماڵ نییە". هەڤاڵ نادر تەمەن 13 ساڵ، ماڵی لەیەكێك لە گەڕەكە میللیەكانی شاری هەولێرە. ئەو منداڵە وەك خۆی باسیدەكات، ماوەی 4مانگە جگەرە دەكێشێت، بەڵام درۆ لەگەڵ دایك وباوكیدا دەكات و ئەوان نازانن. هەڤاڵ دەڵێت:"جارێك ئاوێنەیەكم شكاند. راستییەكەم نەشاردەوەو گووتم، من شكاندوومە. بەڵام لێدانێكی چاكم بەركەوت، بۆیە ئیتر بڕیارمدا راستییەكان بەدایك و باوكم، نەڵێم". ئەومنداڵە، نەیشاردەوە كەدوای تەواوبوونی دەوامی قوتابخانە، ناگەڕێتەوە ماڵ و لەگەڵ هاوڕێكانیدا تا رۆژئاوابوون، دەچێتە بازارو گەڕان.

خێزان لەرەفتاری منداڵ بەرپرسیارە

درۆكردن، لەهەموو یاسا زەوینی و ئاسمانییەكاندا، بەكارێكی خراپ لەقەڵم داروەو سزای بۆ دیاریكراوە. رێژەیەكی زۆر لەدانیشتوانی هەرێمی كوردستان، موسڵمانن، ئایینی ئیسلامیش حاشای لەدرۆكردن، كردووەو بەبناغەی هەموو خراپییەكان وەسفی كردووە. دەرچووی كۆلێژی شەریعە، ئیسحاق رۆستی، پێیوایە، دایك و باوك لەرەفتاری منداڵ بەرپرسیارن. كەسێك خۆی بەموسڵمان بزانێ، نابێت درۆبكات. لەئیسلامدا بەنیفاق و دووڕوویی ئەژمار دەكرێت. بەبڕوای ئیسحاق، منداڵ بوونەوەرێكی پاكەو بەهۆی رەفتاری نەشیاوی خێزان و دەرووبەرەوە، فێری درۆكردن دەبێت. هەروەها درۆكردن، یەكێ لەو رەفتارە دزێوانەیە كە لەكۆمەڵگەی ئێمەدا رۆژانە پەیڕەو دەكرێت، بێ گوێدانە كاریگەرە نەرێنییەكانی لەسەر كەسایەتی تاكەكان.

دایكم هەموو شتێك لە باوكم دەشارێتەوە

منداڵێكی 11 ساڵ، بەئازایەتیییەوە ئاماژە بەو كاتانە دەكات، كە بەدرۆیەك هاوڕێكانی فریو دەدات. شەرمین، بێئەوەی درك بەئاسەوارە خراپەكانی درۆ بكات، بەشتێكی خۆشی دەزانێت."بەردەوام دایكیشم درۆ لەگەڵ باوكم، دەكات. هەمووجارێ‌ كە باوكم، دێتەوە دەڵێت، فڵان شتی بۆ بگیڕیتەوە داخت دەكەم. منیش نایگێڕمەوە. رۆژێك لەگەڵ دایكم، چووینە ئارایشتگاو گوتی، لای باوكت بڵێ‌، لەماڵی نەنكم بووین".

كاریگەری مامۆستایان

ئاكام تەحسین، قوتابی قوتابخانەیەكی بنەڕەتی شاری هەولێرە. مامۆستاكانی بەهۆكاری فێربوونی درۆ دەزانێت."زۆرجار مامۆستا بەڵێنێكی داوە، یاخود هەڕەشەی سزادانی لێمان كردووەو جێبەجێی نەكردووە. ئێمەش هەستدەكەین مامۆستا فێڵمان لێدەكات". دلێر فاتیح، مامۆستای قوتابخانەیەكی بنەڕەتی شاری هەولێرە، ئەو زۆرجار مامۆستایان، بەهۆكاری فێربوونی دۆركردن لەلای منداڵان دەزانێت"زۆرجار لەئەنجامی هەڵەیەكی قوتابیدا، هەڕەشەی كەمكردنەوەی نمرەكانی یاخود لێدانی لێ دەكەین. بەڵام جێبەجێی ناكەین، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە متمانە لای قوتابیان لەدەستبدەین. هەربۆیەش زۆر لەقوتابیان گوێ‌ بەقسەكانی مامۆستا نادەن. جگە لەوەی قوتابی فێری درۆكانی مامۆستا دەبێت".

درۆم لەگەڵ منداڵەكانم كردووە

سەلیم خۆشناو 42 ساڵەو فەرمانبەرە. خاوەنی 4منداڵەو بەراشكاوانە دەڵێت:"زۆرجار بۆ رزگاربوون، لەبارودۆخێك ناچار بووم، كە درۆ لەگەڵ منداڵەكانمدا بكەم". ئەو تەنگوچەڵەمەكانی ژیان بەهۆكاری ئەو درۆ كردنانە دەزانێت بۆیە"درۆی لەگەڵ دەوروبەریشدا" كردووە. لەگەڵ ئەوەشدا كە دەزانێت منداڵەكانی هەڵسووكەوتی ئەو، دووبارە دەكەنەوە. ئاشنا نەجمەدین، 36ساڵ. دایكی دوو منداڵە. بەبڕوای ئاشنا، هەموو دایك و باوكێك درۆ لەگەڵ منداڵەكانیان دەكەن. ئەو ژنە هەندێ‌ لەنموونەی درۆكانی بۆ منداڵەكانی باس دەكات:"ئەگەر لە قوتابخانە دەرچووی، خەڵاتێكی زۆر گەورەت بۆ دەكڕم. لەسەر ئەو هەڵەیە بابت دەتكوژێت". نایشارێتەوە كە زۆرجار داوای لەمنداڵەكانی كردووە، كە هەندێ‌ شت بۆ باوكیان نەگێڕنەوە، بەڵام ئەو هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە"پیاوی كورد، نەرموونیان نین. ژن ناچارە درۆیان لەگەڵدا بكات".

چارەسەر

بە بڕوای پسپۆڕی دەروونی ئامانج سابیر، ئەگەر زوو رێ لەدرۆكردن نەگیرێت، ئەوا رەنگدانەوەی خراپ لەسەر دەروونی منداڵ جێدەهێڵیت و كەسایەتییەكی دووڕوو كە یەكێكیان رووە جوان و پاكەكەی خۆیەتی، هەرچی رووەكەی ترە ئەوەیە كە لەلایەن دەوروبەوە فێری دەبێت. بۆیە پێویستە لەسەر دایك و باوكان ئامۆژگاریان بكەن و رێگە نەدەن فێری شاردنەوەی راستییەكان بن و بەهۆشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ هەڵەكانیان بكەن. بەسزادان نەیاترسێنن، بەڵكو بەردەوام هانیان بدەن لەسەر راستگۆیی و پاداشتیان بكەن. بەپێچەوانەوە دەروونی منداڵەكانیان تێكشكاو و شڵەژاو دەبێت. ئیسحاق رۆستی، دەرچووی كۆلێژی شەریعەش پێیوایە، ئەركی مامۆستایانی ئاینییە كە لە گوتارەكانیاندا هانی دایك و باوكان بدەن كە منداڵەكانیان لەسەر راستگۆی رابهێنن بەشێوەیەكی نەرموونیان و دوورخستنەوەیان لە توندوتیژی. شەیدا ئەكرەم، توێژەری كۆمەڵایەتی، ئەركی دەزگاكانی راگەیاندن لەپەروەردەكردنی منداڵ و ئاراستەكردنیان بەشێوەیەكی دروست و پەخشنەكردنی ئەو شتانەی كە منداڵ بە لاڕێدا دەبەن، بەگرنگ وەسفدەكات، هەروەها پێویستە لە قوتابخانەدا چەند گرنگی بەوانەی عەرەبی و ماتماتیك دەدرێت، ئەوەندەش گرنگی بەئامۆژگاری قوتابیان بدرێت.

بۆكان هیوا
warvin.org