سەبارەت بەهۆكارەكانی منداڵ لەبارچوون، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و نەزۆكی د. عەتیە حەمە سەعید، سەرەتا دەسنیشانكردنی حاڵەتی لەبارچوونەكە بەگرنگ دەزانێت |
![]() |
پسپۆڕێكی بواری نەخۆشییەكانی ئافرەتان و نەزۆكی لەبارەی هۆكاری لەبارچوونی منداڵەوە رایگەیاند، ئەگەر منداڵ لەو رۆژەوەی دروست دەبێت، تاماوەی هەشت هەفتە لەبارچوو، هۆكاری لەبارچوونەكە بۆ خراپی تۆوی پیاو یان هێلكەی ژن دەگەڕێتەوە.
لەبارچوون چییە؟
بریتییە لەو حاڵەتەی كە كۆرپەیەكی دروستبوو لەنێو سكی دایكیدا بەر لە تەواوبوونی وادەی گەشەكردن و لەدایكبوونی لە منداڵدان، دێتە دەرەوە. بەپێی پێناسەیەكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، هەر كۆرپەیەك دوای بیست و چوار هەفتە واتا ئەگەر بە شەش مانگی لەدایك بوو، بە لەبارچوون هەژمار ناكرێت. بەوپێیەش لەبارچوون تەنیا ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە كە تەمەنی كۆرپەكە لەخوار تەمەنی شەش مانگییەوە بێت.
هۆكارەكانی
سەبارەت بەهۆكارەكانی منداڵ لەبارچوون، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و نەزۆكی د. عەتیە حەمە سەعید، سەرەتا دەسنیشانكردنی حاڵەتی لەبارچوونەكە بەگرنگ دەزانێت. بۆ نموونە لەو رۆژەوەی كە منداڵەكە دروست دەبێت، تاماوەی هەشت هەفتە، ئەگەر ژنەكە كۆرپەكەی لەبارچوو، هۆكاری لەبارچوونەكە بۆ خراپی تۆوی پیاوەكە یان هێلكەی ژنەكە، دەگەڕێنێتەوە. هۆكارێكیتریش بۆ باش گەشەنەكردنی خانەكانە كە ناتوانێت كۆرپەی تەواو دروستبكات دەگەڕێنێتەوە"لەبەر ئەوە دێتە خوارەوە". بەپێی قسەی د.عەتیە، ئەم جۆرەیان چارەسەری نییە، چونكە هۆكارەكە لە دروستبوونەوەیە، یان كرۆمۆسۆمی تەواو نییە، یان ڤایرۆس لێیداوە. جۆرێكیتری منداڵ لەبارچوون بریتییەلە، لەبارچوونی كۆرپەلەی هەشت تا شانزە هەفتەیی، ئەگەر هاتوو دایك یان باوك، تووشی هەوكردن هاتبوون و هەوكردنەكە لەرێگەی كرداری سێكسییەوە گواسترابووەوە، یان پەرەسایت واتا نەخۆشی پشیلە میكرۆبی هەبوو. ئەمانە لەدەرچەی زێوە دەچنە سەرەوەی منداڵدان و دەچێتە ناو ئەو خانەی كە كۆرپەلە دروست دەكات، بەمەش خانەكە تێكدەدات و ئاوی لێ كۆدەبێتەوەو منداڵەكە لەباردەچێت. یاخود سەری ئەستور دەبێت. جۆرێكی تری هۆكاری منداڵ لەبارچوون، هەیە كە ئەوحاڵەتە، زۆركەمە. لاشەی ژنەكە خۆی دژی سكپڕی دەوەستێتەوە. جۆرێكی تریشیان هەیە كە ئەوەشیان زۆر كەمەو لە 300 ژن یەك ژن تووشی دەبێت، ئەوەیە كەوا سەری منداڵدانی ژنەكە شلەو لە دوای هەفتەی دوانزەهەم، سەری منداڵدان كە كەناڵێكی بچووكە قەبارەكەی دوو سانتیمەترە، بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆسەی سێكسی، دەكرێتەوە. ئەو حاڵەتەش پێویستی بەئاگاداری زۆر و پشكنینە. دەبینین منداڵەكە دەست و لاق و ئەندامەكانی جەستەی تەواوە. كەواتە ئەوە بە سۆناریش دیاردەكەوێت كە دەبێ لە سكی داهاتوو سەری منداڵدانی بۆ ببەسترێت. ئەو كردارە لێزانینی دەوێت و پێویستە پزیشكی شارەزا بیكات. بەڵام هەموو منداڵ لەبارچوونێك لەتەمەنی سێ مانگیدا، مانای ئەوە نییە كەوا سەری منداڵدانەكەی شلە. لەهەموو حاڵەتێكیش ناتوانرێت سەری منداڵدان ببەسترێت، بەتایبەت لەو ژنانەی كە خوێنیان هەیە، چونكە دەجوڵێت و بەمەش جێگە بە وێڵاشەكە لەق دەكرێت و منداڵەكە لەباردەچێت.
لەبارچوون و تەمەنی كۆرپەلە
د. عەتیە، تەمەنی منداڵ لە 7مانگیدا بەلەبارچوون ناژمێرێت، بەڵكو بەمنداڵبوونی پێشوەختە ناوی دەبات."منداڵ لەبارچوون لەو رۆژەوەی كە هێلكۆكەو تۆوی پیاوەكە یەكتر دەگرن، كە لەناوەڕاستی مانگەوە دەبێت و لەناو منداڵدانی ژن كۆدەبێتەوە، ئەگەر خۆی بەدیواری منداڵدانی ژنەكە نەچەسپاند و بێتە خوارەوە، تا بیست چوار هەفتە ئەوە بەلەبارچوون هەژمار دەكرێت". ئەم پسپۆڕەی بواری نەخۆشییەكانی ژنان، جەخت لەوە دەكاتەوە كە بەهیچ شێوەیەك لەبارچوونی منداڵێك نابێتە هۆی لەبارچوونی سكی پاشتر و فێربوون و لێڕاهاتن لەسەری. بەڵام ناشبێت دوای منداڵ لەبارچوونێك، یەكسەر منداڵ دروست بكرێتەوە، بەڵكو دەبێت هۆكاری لەبارچوونەكە دەستنیشان بكرێت و چارەسەری بۆ بكرێ، ئەوكات جارێكیتر هەوڵی دووگیانی بدرێت.
لەبارچوون و تەمەن
د. عەتیە، بچووكی تەمەنی دایك، بەیەكێك لەهۆكارەكانی لەبارچوون دەزانێت، چونكە منداڵدان بچووكەو دەبێتە هۆی لەبارچوون. ئەگەر تەمەنیشیان لە چل ساڵی زیاتر بێت، ئەوا بەهۆی ناتەواوی كرۆمۆسۆمەكانەوە، ئەم لەبارچوونە روودەدات. زۆرجار قەڵەوی، فاكتەرێكی دیكەی لەبارچوونە. بەهۆی پاڵەپەستۆی زۆر و ناتەواوی هۆرمۆنات و كێشی زۆر و تێكچوونی هۆرمۆنات لە ژنی قەڵەودا روودەدات. بەڵام جووڵانەوەو كاركردنی ژنان و كاری سەخت، بەهیچ شێوەیەك كار لە لەبارچوونی منداڵ ناكات، تەنیا لەحاڵەتێكدا نەبێ كە ببێتە هۆی جووڵاندنی وێڵاشەكە. وێڕای هەموو ئەوانەش ژینگەی پیس و ڤایرۆسی كلامیدیا، هۆكاری سەرەكی لەبارچوونی منداڵە. ئەو پسپۆڕە ئاماژەشی بەوەكرد، كەمنداڵ لەسكی دایكدا بە سێ پەردە داپۆشراوەو بەئاسانی لەبارناچێت.
5 منداڵم لەبارچووە
مامۆستای قوتابخانە ساكار فەتحی، تەمەنی 24 ساڵ كە ماوەی 3 ساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە، تائێستا نەبووەتە خاەوەن چوونكە سكی لەباردەچێت. پزیشكان پێیانگوتووە" پشتت شلە" بۆیە چارەسەری نییە. تابان ئەكرەم، خوێنكاری كۆلیژەو تەمەنی 22ساڵە. 2ساڵە هاوسەرگیری كردووەو بەگوتەی خۆی كاتێ سەفەری كردووە سكەكەی دوومانگ و نیو بووەو بەوهۆیەوە لەبارچووە. سەروین عومەر 32ساڵ، ماوەی 11 ساڵە هاوسەرگیری كردووەو تائێستا منداڵەكانی لەبارچوون، پزیشكان پێیانگوتووە، سك راناگرێت.
چارەسەر
ئەگەر پێشتر ئافرەتەكە، منداڵی لەبارچووبێت دەبێ رێگری لە سكپڕی بكات، تا چارەسەری بۆ دەكرێت. بۆئەو مەبەستەش دەبێت پشكنین بۆ پیاوەكە بكرێت. ئەگەر هەوكردنی هەبوو چارەسەر بكرێت. بەلایەنی كەمەوە دەبێت ژنەكە ماوەی 3 مانگ رێگری لە سكپڕی بكات. تا بەتەواوی لەڤایرۆسی ئێچ پی ڤی و كلامیدیا و تۆكسۆ پلازما، پارێزراو بێت. پاشان ئەگەر ئەم ڤایرۆسانەی نەبوو، پشكنینی بۆ دەكرێت و ئەگەر ژنەكە دوو تا سێ جار منداڵی لەبارچووبوو، ئەوا دیارە هۆیەكە لە كرۆمۆسۆماتی خۆی و پیاوەكەیە. كرۆمۆسۆمی خراپیش هەیە كە بۆ لەبارچوونی منداڵەكە هۆكارە.
warvin.org