ئەمە ڕێز و خۆشەویستییە یان...؟

(مەرزییە، لەیلا عەلەوی، عارەب عوسمان، وەنەوشە، مۆنیكا، كەریم كابان...)                                                                              

image

                                                                                                    شنۆ میهرپەروەر

 

(مەرزییە، لەیلا عەلەوی، عارەب عوسمان، وەنەوشە، مۆنیكا، كەریم كابان...).
ئەمانە ناوی كەسانێكی هونەرمەند و دیارن كە لە كۆمەڵگەكەماندا خۆشەویستن، بۆ وای لێ هاتووە كە ناویان لەسەر ئۆتۆمبێلەكان دابنرێت؟
یان ناوی كەسایەتییەكانمان لەسەر مۆبایل و... دابندرێت.
لە مێژە ئەم پرسیارەم بۆ هاتووەتە پێش كە ئایا ئەم دیاردە نوێیە تەنیا لای ئێمە باوە یان لە كۆمەڵگە توركی و فارسی و عەرەبییەكانیشدا بوونی هەیە؟
ئەمە ڕێزگرتنە لە كەسایەتییە سیاسی، فەرهەنگی و هونەرییەكان؟
ئەمە خۆشەویستی دەربڕینە بۆیان، یان تەنیا بۆ بەسەربردنی كات و ڕابواردن دەخرێتە سەر زاری خەڵكییەوە؟
ئەگەر ئەمە ڕێزگرتن و خۆشەویستی و ئەمەكناسیی بێ بەرانبەریان، خۆ زۆر شێوە و مێتۆدی و ڕێكاری دیكە هەیە كە بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی دەربڕی ئەم هەستە بێت؟
ئەم ناوداتاشینە لە لایەن چ كەسانێكەوەیە و سەر بە چ گرووپێكی فیكرین؟
ئەمانە كێن و سەر بە چ و چین و توێژێكی كۆمەڵن و لە چ ئاستێكی كۆمەڵایەتیدان و مەبەستیان لە بڵاوكردنەوەی ئەم وشانە بەسەر خەڵكیدا چییە؟
ئەوانەی داتاشەری ئەم بیرۆكەیەن، جا مەبەستدار یان بێ مەبەست، ئاگایانە بێ یان نائاگایانە، بۆ ئێمە پەرەپێدەری ئەم دیاردەیە بین؟
مرۆڤ زۆر لەوە گەورەترە و بە بایەخترە كە ناوی كەرەستەیەكی ڕۆژانە و بەكارهێنی وەك ئۆتۆمبێل و مۆبایلـی لەسەر دابندرێت. هەمیشە ئێژم ئەگەر نەتوانین پێشی ئەم دیاردەیە "بە ڕای من ناشیرینە" بگرین، بۆ كەسانی ڕۆشنبیر و تێگەییشتوو و پێگەییشتوو پەرە بەم دیاردە دەدەن، یان شوێنكەوتەی ئەو جۆرە كەسانە دەبن.
ئەوەندەی پرسیارم كردبێت، لە وڵاتانی دراوسێی كوردستان، ئەم ناو و نازناوانە كەمتر بوونی هەیە یان هەر بوونی نییە.
ئەمە و زۆر دیاردەی دیكە، پێم وایە دیاردەیەكی شارستانی نین و كۆمەڵگەی كوردستان لە كاروانی شارستانیبوون و مەدەنییەت دوادەخات.