حكومەت نابێ هەوڵی ئەوە بدات، لەرێگەی سیاسەتەكانیدا، خۆی لای خەڵك خۆشەویست بكات |
![]() |
هاودەنك فاروق
حكومەت نابێ هەوڵی ئەوە بدات، لەرێگەی سیاسەتەكانیدا، خۆی لای خەڵك خۆشەویست بكات، حكومەتایەتیكردن نابێ لە سەر ئەساسی ئەوە بێت، جەماوەر لە خۆی رازی بكات، نەهێڵێ دڵی لێی بێشێت ! لەو بڕیارەش كە سوڕ بزانی هەڵەیە، چاوی لێی بپۆشێ، یان لە پێناوی ئەوەی خەڵك پێت بلێ، حكومەتی باشی .! لە بڕیاری خۆی پەشیوان بیتەوە .
حوكومڕانی باش بە بڕیاری باش و چارەنوسازو بە لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای وڵات دەبێت . نە بە خۆشەویستیكردن لە گەڵ خەڵكانێك، بەڵكو لە هەڵبژاردندا، دەنگ بە حزبەكەت بدەن .!
بڕوا ناكەم، لە هیچ وڵاتێكدا، شتی وا هەبێت، كە لەم كوردستانەدا هەیە . لە وڵاتاندا هەندێ جار بەرژەوەندی باڵای وڵات بڕیاری توند بە دوای خۆیدا دێنێت، هەتا گەر بۆ بەرژەوەندی خەڵكانێكیش خەراپ بێت، بڕیار بۆ بەڕێوەبردنی وڵات دەدرێت. كەواتە بڕیار یەكسان نیە بە خۆشەویستی، یەكسانە بە بەرژەوەندی باڵای وڵات .
لە كوردستاندا، وەك كارناسان دەلێن : لە سەروی 75% -ی بودجە دەدرێ بە موچە .
لە ڕاستیدا، بە هیچ پێوەرێك و لە وڵاتێكی ئاسایدا، نابێ لە 26% تێپەڕ بێت . حكومەتی هەرێم، بەم سیاسەتەی بچێتە نێو دوهەزارو یانزەوە بە تاكید، توانای ئەوەی نابێت، كێشە ئەساسییەكانی كوردستان چارەسەر بكات، وەك ئاو، كارەبا، سوتەمەنی، بێكاری و پڕۆژەی ستراتیژی دیكە، كە ئەمانە پێوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵكەوە هەیە و پێوەندی بە سیاسەتكردن بۆ راكێشانی عاتیفەی خەڵك نییە، بۆیە نابێ حكومەت لەوە بترسێ، خەڵك بە هۆی بڕیارێكی گرنگەوە ناڕەحەت دەبێت یان نە، لەو كاتەی كە بڕیارێكی گرنگ لە بەرژەوەندی باڵای وڵات دەدات، چونكە لە بەرامبەر نیگەرانی خەڵكانێك، توێژێك لە روناكبیران پسپۆران لە پشتی حكومەت رادەوەستن و بەرگری لێ دەكەن، بۆ رۆیشتن بە ڕێی راستیدا .
ئەم هەمو مەعاشدانە لە كوردستاندا، كلتورێكی هەڵەیە و كاریگەرییە خەراپەكانیشی لە ئێستاو ئایندەدا رۆشنتر دەردەكەون ..
بەسە بۆچی خەڵك ناخرێتە بەر كار لە كەرتی تایبەت، ئەی ناڵێن : وەبەرهێنان لە كوردستاندا، بە سەدان كۆمپانیای نێوخۆیی و دەرەكی خستۆتەكار.؟ ئەی كوا چارەی بێكاری و كەمكردنەوەی مەعاشخۆری، تاكەی حكومەت لە ژێر عاتیفەی و كاریگەری خەڵكدا دەست بە كولتوری موچەخۆری میرییەوە دەگرێت، بۆ هاوكاری خەڵك ناكات كە بچن فیتەری بكەن، سەرتاش بن، دارتاش و ئاسنگەرو كرێكار بن، بۆچی خەڵك پێی وابێت شەهادە بەس بۆ حكومەت و موچەی میری باشە، ئەمە ئەركی حكومەتە چیتر خەڵك لە سەر ئەوە رانەهێنیت، تۆ دەنگم بدێ و منیش مەعاشت دەدەمێ .! حكومەت مودیری وڵاتە، كاری بە خۆشەویستی دانییە، ئیدارە دەكات و بڕیار دەدات . حكومەت، با خەستەخانەكان خاوێن بكاتەوە، با شوێنی گەشت و گوزار خاوێن كاتەوە و پێشیان بخات . نەك مەعاشخۆر زیاد بكات . وڵات بیناكردن و گەشەپێدانی سیمای شارەكان مێژوییەكی درەوشاوە بۆ حكومەت تۆمار دەكات، نەك زیادكردنی موچەخۆری . كوردستان پێویستی بە وەگەرخستنی سەرمایە ماددی و مرۆیی و تواناكانی نێوخۆ هەیە، حكومەت پێویستە ئیش لە سەر ئەوە بكات .
خەڵك، بەدوای كاردا دابگەڕێن و ئیش بدۆزنەوە . پێویستە پشت بەخۆبەستنی تاكیی كوردستان ببێتە كولتور.