ئەوی ئێستا پێی دەڵێن، ڕایەلی نێوان سەندیكاو رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و حكومەتی كوردستان |
![]() |
هاودەنگ فاروق
ئەوی ئێستا پێی دەڵێن، ڕایەلی نێوان سەندیكاو رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و حكومەتی كوردستان، پێوەندییەكی نا نۆڕماڵە . ئەمە چییە وادەكات، شێوازی دەخالەتكردنی بەرپرسانی حكومەت! لە كۆنگرەو كۆنفرانسی : پەروەردە، زانایانی ئایینی، رۆژنامەنوسان، كەمئەندامان، كرێكاران، ژنان، قوتابییان، كشتوكاڵناسان وئەندازیاران . ببێتە نەریت، پرسیارەكە ئەوەیە : ئەمە كاری پسۆریی و تایبەتمەندییە، یان ئیشی سەرۆكی حكومەتە، كە بە تاكید ئەركی دیكەی زۆری لە سەر شانە، نەگونجاوە بۆ هەر كۆنگرەو كۆنفرانسێك، بانگێشت بكرێت و وتاری هەبێت . چونكە ئەركی حكومەت، پشگریی و زەمینە رەخساندنە، بۆ هەر یەكێك لەم ناوەندە روناكبیری و پسپۆریی و بوارە گرنگانەی نێو كاییەكانی كۆمەڵگە، نەك لە هەمویاندا حازر بێت .
بێگوان سەرۆكی حكومەت، دەستیارو راوێژكاری بۆ هەر بوارێك هەنە، خۆ ئەگەر نا، لە باشترین حاڵەتدا، وەزیری هاوكاری هەن، دەكرێ بۆ هەر بوارێك كەسی تایبەتمەند بچێت، بە تاكید سەرۆكی حكومەت، لە هەمو ئەو بوارانە شارەزا نییە، بۆچی ئەم نەریتە بمێنێ .؟ سودەكەی چییە، جگە لە دیاردەیەكی سواو و شكلی، ئەگەر حكومەت پرۆژەی بۆ هەر رێكخراوێك هەیە، دكارێ لە رێگەی پسپۆرانی بوارەكە، بە نوسراو و بڕیار پێشكەشیان بكات، بەڵام دەخالەتكردن یان دەخالەتپێكردنی حكومەت، لە هەمو بۆنە جیاوازەكان تەندروست نییە و ناتوانێ ئەو كەشە لەبارە بۆ چین و توێژە جیاوازەكان بڕەخسێنێ، ئاخر كۆنگرەی نوسەران چ پێوەندییەكی بەوە هەیە، دەبێت هەرچی سەرۆكە وتاری هەبێت، وەزیری رۆشنبیریت بۆچییە ؟مادام وەزیری داددت هەیە، كۆنگرەی پارێزەران، بۆ نابێ بێ ئامادەبونی نوێنەر یا وتاری سەرۆكی حكومەت بەڕێوەبچێ ؟
لە ڕاستیدا، ئەم دیاردەیە، دەلالەتی ئەوەیە، هەر بەرپرسێكە و لە كوردستاندا كەمتر ئیشی خۆی دەكات، كەمتریش ئەرك و تایبەتمەندێتی خۆی جێبەجێ دەكات ! هەموشتنەزانیین عەیب نییە، خۆتێهەرقورتاندن و كۆنتڕۆلكردنی هەمو پێكهاتە كۆمەڵایەتیی و مەعریفی و سیاسیی و ئابورییەكان سروشتی نییە . گەلێ جار بەرپرسێك كە مەوقیعەكەی زۆر بەرزە، دادەبەزێتە سەر كارێك كە زۆر نزممە .! كە ئەمە ئیشی ئەو نییە و پێوەندی راستەوخۆیشی بەو نییە . لەو وڵاتانەی كە خاوەن سستێم و داو ودەستگای دامەزراوەیین . هەمو كەس ئیشی خۆی دەكات، هەروەك سەرۆكی حكومەتیش ئیشی خۆی دەكات .
ئەم دیاردەیە، ئەگەر بە دیوێكی دیكە، لە روی سایكۆلۆژییەوە بیخوێنیتەوە، دەمانباتە سەر ئەو بۆچونەی كە حكومەت، پێمان دەڵێ : ئەوە منی بەرپرسم كە لە هەمو كونج و كەلەبەرێكی وڵات و نێو كۆمەڵگەدا، هەیمەنەم هەیە . قسەم هەیەو ئەبێ ببینرێم . كۆنتڕۆلم هەیە . شارەزاییشم هەیە .
سەرۆكی وڵات و سەرۆكی حكومەت، زۆرتر سیمبوڵن . داڕشتن و جێبەجێكاری سیاسیەتی دەوڵەتن، نەك هەمیشە بە خوێندنەوەی وتاری دورودرێژ و بە شریتبڕینی بۆنەكان سەری حاڵ بكرێت .
پێویستە سەرۆكی حكومەت و راوێژكارانی، رێگە بە خۆیان نەدەن لە هەمو بۆنەیەكی بەرزونزمدا، ئامادەییان هەبێت . هەروەك رێكخراروەكانی كۆمەڵگەش واز لەم دیاردە تەشریفاتییە، سواوە بهێنن و لێگەڕن سەرۆكی حكومەت كاری خۆی بكات، ئەوانیش بە كارو پڕۆژەی جاد، ڕوی خۆیان و سیمای حكومەتەكەیان جوانتر بكە، تا وڵات هەنگاو بەرەو دامەزراوەیی بون و داو دەستگای تایبەتمەند و پسپۆری بچێ .
hawdeng46@hotmail.com