لاپهرا سهرهکی
ل بارا مه
پهیوهندی
مرۆڤ بوونەوەرێکە لە هەموو ئەوانی دیكە جیاوازتر و ئاڵۆزترە، چونکە بیرکەرەوە و قسەکەر و گوێگرە
مهاباد قەرەداغی
مرۆڤ بوونەوەرێکە لە هەموو ئەوانی دیكە جیاوازتر و ئاڵۆزترە، چونکە بیرکەرەوە و قسەکەر و گوێگرە. مرۆڤ کە لە دایک دەبێت، لە ڕووی فیزیکییەوە بوونێکی بچکۆلەی سادەیە، لە ڕووی دەروونییشەوە ڕۆحێکی پۆزەتیڤە و هیچ گرێوگۆڵێکی نییە. بە پێی یاسای گەردوون هەموو بوونەوەرێکی زیندوو بە وزەیەکی بەردەوام بە ڕێوە دەچێ و ئەم وزەیە سرووشتێکی بازنەیی هەیە و دەسووڕێتەوە، واتە مرۆڤ لە یەکترەوە وزە وەردەگرێ و دەداتەوە، لە هەموو بوونەوەرەکانی دیكەی دەوروبەری خۆیشییەوە وزە وەردەگرێ و دەیداتەوە. دان و ستانی وزە یەکێکە لە یاسا ئەزەلییەکانی سرووشت و هەتا مرۆڤ و سرووشت مابن، ئەم یاسایەیش بەردەوامە. بەڵام وزە دوو جۆری هەیە، یەکەمیان وزەی باشە و دووەمیان هیی خراپ. یەکەمیان ئەو وزەیەیە کە لە بیرکردنەوەی پۆزەتیڤەوە سەرچاوە دەگرێت و دەبێتە مایەی ئاکاری باش و ئاشتیخوازانە کە ئارامی دەبەخشێ و ڕۆحی وزەبەر و وزەدەریش ئاسوودە دەکات. دووەمیشیان ئەو وزەیەی کە لە بیرکردنەوەی نێگەتیڤەوە سەرچاوە دەگرێت و، دەبێتە مایەی ئاکاری خراپ و دوژمنکارانە و ڕۆح دەئاڵۆزکێنێ. ئەم جۆرە وزەیە مرۆڤ دەخاتە نێو گومانی هەمیشەیی لە یەکتر و، بەدبینی و ڕەشبینی و ڕەهابینی بەرهەم دەهێنێت. وزەی نێگەتیڤی وا، بەردەوام ئاڵۆزی و گوشار و چەپان و چەوتی بەرهەم دەهێنێت. کولتوور بە پێچەوانەی سرووشتەوە لە بەرهەمهێنانی وزەی نێگەتیڤدا کارایە. ئەو دابونەریت و ڕێوڕەسمانەی کولتوور بەسەر مرۆڤدا دەیانسەپێنێت، وایان لێ دەکات زۆر لە ڕۆحی ڕەسەنی خۆیان دوور بکەونەوە و بە ئاڵاوواڵا و شتومەکەکانەوە ببەسترێنەوە و ببن بە دیلی شتە ماددییەکان. هۆی ئەوەیە مرۆڤ جگە لەو شتومەکانەی کە پێویستیی ڕۆژانەی دابین دەکات، بە دوای هیی دیکەدا دەگەڕێت و لە پێناوی بەدەستهێنانیاندا ئامادەیە ئامرازی خراپیش بە کار ببات، ئامادەیە ئەگەر کەسێک بە بەربەست بزانێت لە بەردەم گەییشتنی بەو ئامانجە ماددییانەی بەدناوی بکات، زیانی گەورەی پێ بگەیەنێت و تەنانەت هەندێ جار ئامادەیە لەناویشی ببات. مرۆڤ بۆ ئەوە هاتووەتە دنیاوە گەشە بە لایەنە پۆزەتیڤەکانی خۆی و دنیا بدات، هەروەها کار بۆ چاککردنەوەی لایەنە نێگەتیڤەکانی خۆی و دنیا بكات. ڕاستە مرۆڤ بە هۆی کولتوورێکەوە دەبێتە ئەو بوونەوەرەی کە لەباتی ئەوەی دۆستی ژیان بێ و خاوەنی وزە پۆزەتیڤەکانی بوون بێت، کەچی بە حوکمی کولتوور لە سرووشتی خۆی دوور دەکەوێتەوە و دەبێتە دۆستی شتومەک و زەرقوبەرقەکانی ژیان و وزەی نێگەتیڤیان لێ بەرهەم دەهێنێت و ئەم وزەیەیش دەدات بەوانەی دەوروبەری و بازنەیەکی بەدکاری و بەدگومانی بەرهەم دەهێنێت و بەردوام دەبێت.
ئەمەیان نە پەیامی مرۆڤێکی سرووشتییە و، نە پێویستیشە ڕێگە بدەین ئەو جۆرە وزەیە بەردەوام بەرهەم بێت و ژیان تاریک بکاتەوە. ئەرکی ئێمەیە ڕووبەڕووی ئەو وزە خراپانەی نێو کۆمەڵگە ببینەوە. بەڵام ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانیش بە ڕێگەیەکی پۆزەتیڤ و دروست، نەک بە ڕقوکینە، چونکە ئەگەر بوار بدەین ڕق جێگە لە دەروونماندا خۆش بکات بەرانبەر ئەو کەسانە، خۆیشمان دەبینە یەکێك لە بەرهەمهێنەرەکانی تاریکی.بەرهەمهێنانی وزەی باش و وزەی خراپیش لە دەستی مرۆڤ خۆیدایە و خۆی دەتوانێت ببێتە کەسی باش یان خراپ. هێزی چاکە و چاکەخوازی و چاکسازی لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە، تەنیا ئەوەندەیە کە خۆی ئەم هێزە بدۆزێتەوە و گەشەی پێ بدات و بیکات بە داینەمۆی ژیانی خۆی و دەوروبەر و گەلەکەی و کولتوورەکەی. ئەمەیش بەو ڕێگەیە دەبێت کە مرۆڤ هەمیشە خۆی پەروەردە بکات و، هەوڵ بدات بیر لەوە بکاتەوە چۆن هاوکاریی کەسان و گرووپە ستەمدیدەکان بکات بۆ باشترکردنی ژیانیان، بۆ وەرگرتنی ئەو مافانەیان کە کەسانی دی لێی زەوت کردوون. بەڵام نەک بە ڕێگەی زەبروزەنگ و توندوتیژی، بەڵکە بە ڕێگەی دیالۆگ و بەڵگەدارکردنی گوتارەکان. گوتاری بێبەڵگە ناتوانێت باوەڕپێهێنەر بێت. ڕەخنەگرتن لەو دیاردانەی ژیانیان ناشیرین کردووە، لە پێناوی ئاوەژووکردنەوەی وێنە ناڕێکوپێکەکانی ژیانە. ڕەخنە بێ پەیام ڕەخنەیەکی مردووە، بۆ ئەوەی دیاردەیەک ببزوێنی و لە دیوێکی تاریکەوە بیبەیتە بەر ڕووناکی، پێویستت بەوەیە ئامانجەکانی داهاتووی کۆمەڵگەکەت بکەیت بە هەوێنی پڕۆژەیەکی پۆزەتیڤ و لەوێوە دەست بە چاکسازى بکەیت. پڕۆژەی چاکسازی تەنیا بەو کەسانە دەکرێت کە ڕۆحێکی چاکەخوازییان هەیە و سۆفیگەرانە لە ڕقەکانی دەوروبەریان دەبوورن و ئاستەنگەکانی ڕێگەکان تێدەپەڕێنن، تا هێزی چاکە بدۆزنەوە. ئەوەی گوێی لە گوتەکانی (دەلای لاما)ـی ڕابەڕی ڕۆحیی تبتییەکان بێت، تێدەگات ئەم ڕابەڕە چۆن بە زمانێکی ئاوریشمین بە گژ نەیارەکانیدا دەچێتەوە و چۆن بە هێماکانی ئاشتی بەرانبەر بە شەڕانگێزەکان و داگیرکەرەکانی وڵاتەکەیدا دەچێتەوە. گومانی تێدا نییە کە ئەم ڕۆحە پۆزەتیڤە دەتوانێ شۆڕشێکی زیوین بکات و بە پێوەری مێژوو ڕۆژێک ڕووناکی بۆ گەلەکەی بکات بە دیاری و سەربەخۆیی تۆمار بکەن.